Get Mystery Box with random crypto!

دەیان ساڵە, تابووت تابووت سۆز و جوانیی و گوڵ دەنێژین لە سەر گڵ | Rahim Luqmani

دەیان ساڵە, تابووت تابووت
سۆز و جوانیی و گوڵ دەنێژین
لە سەر گڵکۆی خەمی سوورمان،
ڕێژاوی هەوری هاوار و
شەتاوی ناخی ئاگرین هەڵدەڕێژین

دەیان ساڵە چەپکە چەپکە،
پێکەنین و ڕەنگی ئەوینمان دەنێژین
لە سینگی شاخی ناخمانا
گڕکان گڕکان, قینی پیرۆزمان دەڕێژین
دەیان ساڵە، هەر فرمێسکی چاوەڕوانی و
پشکۆی حەسرەت هەڵدەڕێژین

ئەمڕۆ وەرزی نەوەی تازەی هەتاوبیرە و
چاوەڕوانیمان سەوز بووە
لە سەر ڕیشەی دەیان ساڵەی ئاواتەکان
سێ شاداری ئەفسانەیی هەڵیانداوە و
گشت دنیایان بۆ سێبەری خۆ کێشاوە
لە سەر خاکی گوڵ و جوانیدا، ژن
لە سەر خاکی بزە و ئەویندا ژیان و
لە ناو دڵی ڕقی پیرۆز
ئازادیمان گوڵی داوە

ڕەحیم لوقمانی

https://t.me/rahimluqmani