Get Mystery Box with random crypto!

تەمەنێکی خەزانبارە، لە جێژوانی جەنگەڵیندا واشەی ئازار، کۆتری م | Rahim Luqmani

تەمەنێکی خەزانبارە،
لە جێژوانی جەنگەڵیندا واشەی ئازار،
کۆتری ماچ و پەپوولەی بزە ڕاو دەکا
لەسەر گەڵای وشکی لێومان!
ڕەش‌پەیمانی خێڵی شەوگار، لە پەیمانەی تاریکیدا
بە بادەی بێدەنگی و بە مەزەی برسیەتی
دێوی مەرگ و کێوی ترس و خێوی خەممان سەرخۆش دەکەن
شاداڵانی بی باڵانی وێرانستان لە خەیاڵدا،
گۆنای مانگ و باڵی قاقا و بسکی گوڵان شەوپۆش دەکەن

بەڵام فێرگەی نەزانخانەی تاریکستان،
کارەساتی وانەکانی، پێچەوانە ڕایهێناوم!
لەسەر پێستی تاریکیدا، من ڕۆشنایی دەنووسمەوە
بزەی کوژراوی ئەستێرە و
قژی شەوپۆشی تریفە دەنەخشێنم
لە ناو تۆز و تەمی ژیندا بیردۆزی بەندی ئەوینم
نانی سۆزم لە تەنووری ساردی برسیدا دەردێنم
گوڵی ماچی سوورم لە سەر لێوی پەشێوی شین دەڕوێنمەوە
چەپکەی هاوار ئەدەم لە سینگی بێدەنگی
بەهارانی ژوانگەی دڵ و هەوارانی ئاواتی گوڵ دەژیێنمەوە.

ڕەحیم لوقمانی

https://t.me/rahimluqmani