Get Mystery Box with random crypto!

بۆ مامۆستایانی بەهەڵوێست... سی ساڵی تەمەن سووتا، سی باخی گران | Rahim Luqmani

بۆ مامۆستایانی بەهەڵوێست...

سی ساڵی تەمەن سووتا، سی باخی گرانبارم
چون مۆمی شەوی ژین بووم، ئێستاکە گڕەی دارم
ئەو وانە و نیو زارەی، ناچاری مناڵم کرد،
کوا زاری گەلی خۆم بوو، ئای چەندە شەرم زارم!
چۆن ڕووم بێ لە ڕووی خەڵکی بێنازم سەرێ هەڵدەم
چون خزمەتگەری یاسای پڕ گەندەڵی ئەغیارم
باخێکی لە پێناوی، کۆی ژین و ئەوینم چوو
خۆم بێبەر و بێ سێبەر، پەرژینی زیانکارم
پەروەردەیە کرمۆڵە، هەر نەنگە لە فەرهەنگا
زانامە لە سەر دارە، گەمژەی بووە سەردارم!
ساز و قەڵەمان بەندن، وەک بسکی گوڵی شەوپۆش
قانوونی قەمە و باتۆم، ئازادە لە ئازارم
ڕازی چییە ئەم خاکە، وا تۆوی دڕکبارە!
لاساری دەبێ سالار، جەردەی بە ئەمیندارم!
مامۆستا کوا چارەت بۆ دەردی گەلی دیلت؟
بیردان و بژیو خاڵیت، وەک خوانی کرێکارم!
بێدەنگییە پێی داوی، ئەم ژانی بە ناو ژینە!
ڕزگارت دەبێ کاتێ، هاوڕابی بە هاوارم

ڕەحیم لوقمانی

https://t.me/rahimluqmani