Get Mystery Box with random crypto!

ئەمە شێعر نییە، گێڕانەوەی خەونێکە...! هێندە دنیای تی‌ڤی و هەو | Rahim Luqmani

ئەمە شێعر نییە، گێڕانەوەی خەونێکە...!

هێندە دنیای تی‌ڤی و هەواڵ، جەڕیان داوم
هەرچی دەکەم باڵی بیرم ڕزگار نابێ
شەو لەخەوما، کارمەندێکی باخچەی گەورەی ئاژەڵان بووم
لە ئازادی و ئاسایشدا، باڵی شادی دەیفڕاندم
بەڵام خولیای پەرێشانم، هێندە زاڵ بوو،
ناوی هەندێ لە ئاژەڵانم گۆڕیبوو:
ورچەسوورەی زێدەخۆری بۆڵەبۆڵکەری ناشیرین
ناوم نابوو، مامە پووتین
کەرگەدەنی مل‌نەدەری یەکەناس و قەتیسماوی پیساوی خۆی،
ناوم لێنابوو کیم جوونگ ئون
زەڕافەیەک سەرگوڵخۆری داری باخچەم، ناو نا ئەسەد
گووریلێکی مل‌ ئەستووری لاپرەسەنی ڕیش خورمایی،
زۆر و لاسار و ئاوەز کەریی!
مێزەرێکی موقەددەس و ناوی میری تالیبانم نایە سەری
گورگەبۆری مشەخۆری شاڵاوبەری سەر لاشەکان
هەرچی دەمدی کەڵبەکانی ڕیچ دەکرد و بەدگومان بوو
لە شێوەیدا ئەمیش ناوی ئەردۆغان بوو
هەرچەندی کە پیرەچەقەڵ، یان مام‌ ڕێویم بانگ دەکردن
بەڕێزەوە، سەرۆک بایدن، مستر جانسۆن
وەک شاکانم ناو دەبردن...!

دەمەو بەیان، لە شیرنایی خەونەکەمدا
ئاژەڵانی باخچە یەکدەنگ بە قەستی کوشت،
هاشاوڵم بۆ دێنن و دەگوڕڕێنن:
ئەتۆ مرۆی درۆ و تاوان، بریا ئێمەت بکوشتایە!
خۆ لە داخ و شەرمی خۆمان،
هەر نازانین چۆن ماوین و دانەڕزاوین!
چون تۆ ناوی ئاژەڵانی سیاسەتت لەسەر ناوین!

لە ترسانا هەڕام کرد و لە قیژەی خۆم لەخەو هەستام
وتم خوایە! بە چ زمانێ، تکای بەخشین و لێبوردن
لە بارەگای ئاژەڵان کەم...!

ڕەحیم لوقمانی
https://t.me/rahimluqmani