Get Mystery Box with random crypto!

زمانی دایک و هەڵوێستی دراوسێکانم...! ئەم درەختی سەختی گیانەم، | Rahim Luqmani

زمانی دایک و هەڵوێستی دراوسێکانم...!

ئەم درەختی سەختی گیانەم، تەمەنێکە
گەڵای قژ و چڵی پەنجە و لقی دەست و
سێبەری لەرزۆکی سیاسەتی،
مەکۆی سەمفۆنیای نەفرەتی سازەکانی چوار وەرزەمە

سپای بەهار، بە تەپڵی هەوری جەنگەوە
بە ڕشەبای هەڕەشەەوە،
بە زمانی زبری زەخمەی چەخماخەوە،
هەوری زاری و تەرزەی تاری و درۆی بارانی ئەمژەنێ
منیش وەک خۆم بە پێوەم و بە ئاستەمێک
تەرزی باڵا و ڕیشە و گەڵای زمانەکەم بۆی نالەرزێ

جەیشی گەرماژۆی هاوینێ، پێخاوس و ڕیش‌لماویی
تۆزی تاریکی ڕەفتاری، دێت ڕوانینم لێڵ دەکات و
بە زاری دووکەڵینەوە، شالقانم ڕادەژەنێ و ڕامدەپێچێ،
لە ئاکامدا، لیسپێ سەوزی قژی وشەم بە دەستیەوە
دێنە سەمای خۆنامۆیی!
منیش هەر وا بەپێوەم و ڕیشەی ڕۆح و قاچی ورە و ناخی شاخم
وا تێکەڵ بوون، جیا نابنەوە...!

مارشی زەردی زیڕەی زریان
بە سروودی مەرگینەوە، بە زاری گوڵ وەرینەوە
دێت بە نۆتی ڕەشەباوە، توند گۆرانیم ڕادەپێچێ و ئەیهەژێنێ و
منیش گوڵێکی باوەڕ و چڵێکی ئەندێشەم چییە
بۆی نابزوێ و بۆی نالەرزێ

خێڵی باهۆز، بە زاری هاری بەفرەوە،
بە سروودی بەستەڵەک و بە دەهۆڵی سەهۆڵیەوە
ڕامدەژەنێ و ڕامدەپێچێ، تا هاودەنگ و ڕەنگی خۆی بم،
ڕازەکانی سازی خۆم و دەنگی خۆم و زاری خۆم بیر بچێتەوە

سازەکانی سەمفۆنیای شوومی دەوروپشت
هەموو هەوای دەمیان کۆکە لەسەر هەڵوەرینی هەوای خۆم و
لاوژەی گەڵا و داڕنینی میوەی ڕەنگاوڕەنگی زار و
هەڵفڕینی باڵندەکانی هاوارم

هەندێ جاریش چنگی تیژی گەندەهەوای پەتای خۆیی
کەوای چەنگی نەوای خۆمیان دادڕیوە و
میوەی بیریان لە داری زاری ئەندێشەم داڕنیوە!
بەڵام ئێستاش، ئەم درەختی سەختی گیانەم
لەگەڵ ورەی شاخی یاری هاوڕازی خۆی،
هەر وێستاوە و چڵەکانی هەر گەشاوە و هێلانەکانی ئەندیشەی پڕ و
بیری سەوزی گەڵای بڕوای گەشتر دەبێ و
دەنگدانەوەی بەرز و بەرز و خۆشتر دەبێ، سازەکانی ئاوازی خۆی.

ڕەحیم لوقمانی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

https://t.me/rahimluqmani