Get Mystery Box with random crypto!

'من بە زمانی تەنیایی قسە دەکەم' وەک دیوار، کە بە زمانی ئاجوور | ملوانکەی شین

"من بە زمانی تەنیایی قسە دەکەم"

وەک دیوار، کە بە زمانی ئاجوور
پەنجەرە، کە بە زمانی ڕوانین
من بە زمانی تەنیایی قسە دەکەم

وەک تۆ! کە ماندووی لە کچ بوونی خۆت
یان باوکم، کە ماندوو بێ لە باوک بوونی
وەک مردوویەک ماندوو لە مردنی خۆی
منیش ماندووم لەوەی شاعیر بم...

کێف لە کێف بوونی خۆی ناترازێ
سەفەر لە ڕۆیشتنی
منیش لە بێدەنگیم

من ترساوم لە کوڕێ کە نیم
وەک ترسی تۆ لە پیری
شەهیدێک لە فەرامۆشی
منداڵێک لە تاریکی

بریا دەمتوانی لە نەبوونی خۆم
کوڵ کەمەوە
وەک تۆ کە قژت
باوکم کە پشتوێنەکەی

من ناتوانم لەگەڵ پەنجەرە،
بە زمانی دیوار
لەگەڵ دایکم، بە زمانی پیاو
لەگەڵ نەبوونی تۆ، بە زمانی بوون
قسە بکەم....

ئارام فەتحی"

Tel⇔ @mlwankay_shin