Get Mystery Box with random crypto!

من دەڵێم : شاری دڵم باغ و گوڵستانە  دەچم عەقڵ ئەڵێ : نا قەسەبە | سیروان پرس

من دەڵێم : شاری دڵم باغ و گوڵستانە  دەچم
عەقڵ ئەڵێ : نا قەسەبەی شۆڕشی مەستانە  نەچی

من دەڵێم : نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ڕیزوانە دەچم
ئەو دەڵێ : نا ڕەشە جێ ڕاوگەیی شەیتانە نەچی

من دەڵێم : مەسکەن و ئارامگەیی جانانە دەچم
ئەو دەڵێ : سەربەسەری تێکچووە  وێرانە نەچی

من دەڵێم : جێگەیی هەر شێت و جنونانە دەچم
ئەو دەڵێ : نا زەدەیی پەنجەیی پەریانەنەچی

من دەڵێم : مەرکەزی ئەسراری حەریفانە دەچم
ئەو دەڵێ : جێ تەماعی چاوی حەسودانە نەچی

من دەڵێم : وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە دەچم
ئەو دەڵێ : کون کونە  جێگەی سەرەپەیکانە نەچی

لەم هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕما"کامیل"
من دەڵێم : جوانە بچم ئەو دەڵێ وا جوانە نەچی

مامۆستا سەید کامیل ئیمامی(ئاوات)

 #سیروان_پرس
@sirwanpress
sirwanpress.ir