2023-06-10 12:27:04
واتای ناوی مانگە کوردییەکان
۱ـ خاکەلێوە = یەکەم مانگی ساڵ و وەرزی بەهار، واتە کاتێ ئاژەڵان خاک بە لێو ئەماڵن بۆ پەیداکردنی خواردەمەنی وەک گیا، سەوزە و ...
۲ـ گوڵان، بانەمەڕ = دووەم مانگی بەهار، کاتێ کە گوڵ ئەپشکوێتەوە یان دەردێت. یان مەڕ لەسەر بانان بەشی خۆی سەوزە پەیدا دەکات چون لەو مانگەدا گژوگیا ئەوەندە زۆر ئەبێت تەنانەت لەسەر بانی ماڵاندا کە خۆڵ بوو گژوگیا دەردەهات.
۳ـ جۆزەردان = کاتی زەردبوونی دانەوێڵەکان بەتایبەت جۆ، گەنم و ... بەهۆی سەرکەوتنی پلەی گەرماوە.
٤- پووشپەڕ = یەکەم مانگی وەرزی هاوین، واتە کاتێ کە پووش بەهۆی زەردبوونییەوە ئەپەڕێت.
٥- گەلاوێژ = لەو مانگەدا ئەستێرەی گەلاوێژ دەر دەکەوێت و ئیتر وردەوردە کەشوهەوا بەرەو فێنکی دەڕوات.
٦ـ خەرمانان = دوایین مانگی هاوین، کاتێ کە خەرمان سوور ئەبێت و لەسەر زەوی هەڵی دەگرن.
۷ـ ڕەزبەر = یەکەم مانگی پاییز، ئەو کاتە کە ڕەز یان مێو (هەنوور) بەر ئەدات واتە ترێ پێ دەگات.
٨ ـ خەزەڵوەر، گەڵاڕێزان = کاتێ کە گەڵا بە دار و درەختەوە دەوەرێت.
۹ـ سەرماوەز = کاتی دەستپێکردنی سەرما و سۆڵە.
۱۰ـ بەفرانبار = یەکەم مانگی زستان، کاتێ بەفر دەبارێت.
۱۱ـ ڕێبەندان = بەهۆی بارینی بەفری زۆر لەو مانگەدا ڕێگە و شەقامەکان ئەگیرێت و هاتوچۆ دژوار دەبێتەوە.
۱۲ـ ڕەشەمە = ئاخر مانگی زستان و ساڵ، کاتی ڕەشبوونەوە، زەوی وردەوردە بەفر دەتوێتەوە.
219 viewsMrady, edited 09:27